جیۆپۆلەتیکی ترس؛ بۆچی تورکیا نایەوێت ئێران بکەوێت؟

لە ٢٥ی شوباتی ٢٠٢٦دا، وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا (OFAC)، زنجیرەیەک سزای بەسەر زیاتر لە ٣٠ کەسایەتی، کۆمپانیای دارایی و گواستنەوەی لۆجستیکیدا سەپاند کە تێوەگلابوون لە بازرگانیی نایاسایی لەگەڵ ئێراندا. ئەم لایەنانە ڕۆڵیان هەبووە لە گواستنەوەی نەوت، دابینکردنی پارچەی یەدەگ و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی تەکنیکی بۆ پەرەپێدانی پڕۆگرامەکانی مووشەکی بالیستی و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی (درۆن) بۆ سوپای پاسداران. ئەوەی لە ناو لیستی سزادراوەکاندا جێگەی سەرنجە، بوونی ناوی سێ کۆمپانیای تورکییە کە ئەمانەن:


١. Utuş Gümrükleme Gıda Tekstil İthalat İhracat Dış Ticaret ve Sanayi Limited Şirketi (Utuş).
٢. Arya Global Gıda Sanayi ve Ticaret Limited Şirketi (Arya).
٣. Altis Tekstil Makina Ticaret Limited Şirketi (Altis).

بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی خەزێنە، ئەم کۆمپانیایانە وەک ناوەندێکی دارایی ئاسانکارییان بۆ گواستنەوەی پارە بۆ بەرژەوەندیی کۆمپانیای ئێرانیی (شرکت اوج پرواز مادو نفر) ناسراو بە (مادۆ - Mado) کردووە. کۆمپانیای مادۆ کە پێشتر لە ساڵی ٢٠٢١دا سزای بەسەردا سەپێنراوە، بەرهەمهێنەری سەرەکیی بزوێنەری درۆنەکانی "شاهد-١٣١" و "شاهد-١٣٦"ە؛ تەنانەت ناوی ئەم کۆمپانیایە لە لیستی گەمارۆ داراییەکانی یەکێتیی ئەوروپاشدایە، بەهۆی دابینکردنی درۆنی خۆکوژ بۆ ڕووسیا کە لە جەنگی ئۆکرانیادا بەکاریان دەهێنێت. جێی ئاماژەیە، ئەم سێ کۆمپانیا تورکییە هەموویان لە ساڵی ٢٠٢٤دا وەک بزنسی تاکەکەسی دامەزراون و لە تۆمارە فەرمییە بازرگانییەکانی تورکیادا هیچ چالاکییەکی ئەوتۆیان نییە کە شایانی باس بێت؛ زۆربەیان خۆیان وەک کۆمپانیای بواری خۆراک، کوتاڵ و جلوبەرگ ناساندووە. جگە لەوەش، خاوەنەکانیان کەسانێکی ناسراو نین، ئەمەش ئەو گومانە بەهێزتر دەکات کە ئەم کۆمپانیایانە وەک "کۆمپانیای کارتۆنی" (Shell Companies) و بەشێک لە پڕۆژەیەکی هەواڵگری دامەزرابن، کە حکومەتی تورکیا بە جۆرێک لە جۆرەکان لێیان ئاگاداربووبێت چونکە هێندە سانانیە ئەم کۆمپانیایانە بەبێ ئاگاداری دەوڵەت مامەڵەیەکی مەترسیداری لەم چەشنەیان کردبێت. سەربار، گومانیش لەوەدا نیە ئێران بۆیە ئەم کۆمپانیا تورکیانەی بەکارهێناوە چونکە تورکیا ئەندامی ناتۆیە، لەناو بەستێنی ڕایەڵە بانکییە جیهانییەکاندا کەمتر گومان و چاودێری لەسەرە بۆ ئەنجامدانی مامەڵە داراییەکان و گواستنەوەی پارە لەنێوان هەژمارە بانکییە جیاوازەکاندا.١

تورکیا لە بەستێنی ترس و پاراستنی بەرژەوەندییەکانیدا:

ڕاپۆرتێکی ئاژانسی «ڕۆیتەرز» کە لە کانوونی دووەمی ٢٠٢٦دا بڵاوکراوەتەوە، پەردەی لەسەر هەماهەنگییەکی هەواڵگریی هەستیار لاداوە کە لە سەروبەندی خۆپێشاندانەکانی ئەم دواییەی ئێراندا ڕوویداوە. بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی تورکیا (میت) هۆشداریی داوەتە سوپای پاسدارانی ئێران سەبارەت بە جووڵەی چەکداریی هێزە ئۆپۆزسیۆنە کوردییەکانی ڕۆژهەڵات، کە ویستوویانە لە خاکی هەرێمی کوردستانەوە دزە بکەنە ناو ئێران. ئەم هەنگاوەی تورکیا لە کاتێکدایە، کە ئەمریکا و ئیسرائیل خەریکی داڕشتنی پلانی سەربازی بوون بۆ وەشاندنی گورز لە ئێران.٢ ئەم دەستپێشخەرییەی تورکیا لە خۆڕا نییە، بەڵکو لە «ترسێکی بونیادی»یەوە سەرچاوە دەگرێت. تورکیا کە خاوەنی ٥٣٤ کیلۆمەتر سنووری هاوبەشە لەگەڵ ئێران، لە هەر جۆرە داڕمانێکی ڕژێمی ئێستای تاران دەترسێت. بوونی ملیۆنان کورد لە ناوخۆی ئێراندا بۆ تورکیا وەک بۆمبێکی چێنراو وایە؛ چونکە ڕووخانی کۆماری ئیسلامی، بەواتای ئەگەری دروستبوونی قەوارەیەکی کوردیی نوێ لەسەر سنوورە ڕۆژهەڵاتییەکانی و سەرهەڵدانی قەیرانێکی گەورەی پەنابەران دێت. جگە لەوەش، تورکیا نایەوێت مەترسی دروست ببێت بۆ سەر ئەو گرێبەستەی کە لەگەڵ عێراقدا هەیەتی بۆ گواستنەوەی نەوت، کە وا بڕیارە تا ناوەڕاستی ٢٠٢٦ بەردەوام بێت و پێویستی بە درێژکردنەوە هەیە. لە ناو ئەم بەستێنەدا، پێگەی هەرێمی کوردستان زۆر هەستیارە؛ ئەگەر هەرێم بە هەر جۆرێک تێوەگلانێکی لەم ململانێیانەدا هەبێت یان ببێتە بەشێک لە بەرەی دژ بە ئێران، پێشبینی دەکرێت تورکیا توندترین کاردانەوەی هەبێت؛ نەک تەنیا داخستنی ئاسمانی وڵاتەکەی بەڕووی فڕۆکەخانەکانی هەرێمدا، بەڵکو پێدەچێت تەواوی سنوورە وشکانییەکانیشی دابخات. هەروەها وەک کارتێکی فشار، ئەگەری هەیە تورکیا پەنا بۆ دنەدان و پاڵپشتیی ئەو ناوچانەی ئێران ببات کە دانیشتووانەکەی زۆرینە تورکی ئازەرین، بەتایبەت لە هەر قۆناغێکی ڕاگوزەردا کە ئەگەری کەوتنی کۆماری ئیسلامیی لێ بکەوێتەوە. 

ڕیشەی تێپەڕاندنی ڤیتۆی تورکیا

ئەم سیاسەتە توندەی تورکیا بەرامبەر هەرێمی کوردستان و پاراستنی هاوسەنگییەکان، ڕیشەی هەیە بەتایبەت لە ساڵی ٢٠٠٣دا، کاتێک ئەمریکا ویستی لە گرووپە توندئاژۆکانی «جوندولئیسلام» بدات لە ناوچەکانی هەڵەبجە و هەورامان لە چوارچێوەی ئۆپراسیۆنێکدا کە بە «ڤاکینگ هامەر» (Viking Hammer) ناسراوە. ئەمریکا بە فەرمی داوای لە تورکیا کرد ڕێگە بدات هێزە ئەمریکییەکان بە ئاسمانی ئەو وڵاتەدا تێپەڕ بن و لەوێوە بێنە ناو خاکی کوردستان و پارێزگای سلێمانییەوە. بەڵام تورکیا بە توندی ئەمەی ڕەت کردەوە و ڕێگەی نەدا خاکی وڵاتەکەی بۆ هیچ دەستوەردانێکی سەربازی لەو ناوچانە بەکاربێت کە ئەنجامەکەی ببێتە هۆی بەهێزبوونی پێگەی کورد. هەربۆیە، هێزەکانی ئەمریکا مکوڕبوون لەسەر جێبەجێکردنی ئۆپراسیۆنەکەیان و لە ڕێگەی بنکە سەربازییەکانی ئوردنەوە و بە گەشتێکی ئاسمانیی درێژ و پڕ مەترسی بەسەر سنوورەکانی سعودیە و ڕۆژئاوای عێراقدا، خۆیان گەیاندە فڕۆکەخانەی سلێمانی، ئەمەش بڕبڕەی پشتی سەرکەوتنی ئۆپراسیۆنەکە بوو.هاوکات پەیامێکی ڕوونیش بوو بۆ تورکیا، کە کورد و ئەمریکا دەتوانن بەبێ ڕەزامەندیی ئەنقەرە، هاوکێشە سەربازییەکانیان سەرڕێبخەن لە ناوچەکەدا.٣

ئەنجامگیری:

کۆکردنەوەی ئەم ڕەهەندە ئاڵۆزانە ئەو ڕاستییە دەسەلمێنێت، کە تورکیا لە پێناو پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی و ڕێگریکردن لە هەر جۆرە گۆڕانکارییەک کە ببێتە هۆی بەهێزبوونی پێگەی کورد، ئامادەیە هاوسەنگییە نێودەوڵەتییەکان و تەنانەت پابەندییەکانی وەک ئەندامێکی «ناتۆ» بەرامبەر هاوپەیمانانی ڕۆژئاوا بخاتە مەترسییەوە. تێوەگلانی کۆمپانیا تورکییەکان لە بازرگانیی سەربازیی ئێران و هەماهەنگییە هەواڵگرییەکانی ئەنقەرە لەگەڵ سوپای پاسداران، ڕەنگدانەوەی «ترسێکی بونیادی»یە لە هەر ئەگەرێکی داڕمانی تاران؛ چونکە تورکیا هەر جۆرە ناسەقامگیرییەک لە ئێران، وەک هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ بۆ سەر ئاسایشی سنوورەکانی و سەرەتایەک بۆ سەرهەڵدانی قەوارەیەکی کوردیی نوێ دەبینێت. لەم هاوکێشە پڕ کێشمەکێشەدا، پێویستە دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان بە ئاگاییەکی وردەوە مامەڵە لەگەڵ پێشهاتە ناوچەییەکاندا بکەن و قەوارەی هەرێم لە هەر تێوەگلانێکی مەترسیدار بپارێزن؛ چونکە هەر جووڵەیەک لە دەرەوەی ئەم هاوسەنگییە هەستیارە، ڕەنگە تورکیا ناچار بکات بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی، توندترین کارتەکانی فشاری لە بەرامبەر هەرێم بەکاربهێنێت.لە چوارچێوەی ئەم جەنگەشدا، پێداگریی تورکیا لەسەر ڕەتکردنەوەی هەر جۆرە دەستوەردانێکی سەربازیی دەرەکی دژ بە ئێران و ڕێگریکردن لە بەکارهێنانی خاک و ئاسمانی وڵاتەکەی، نیشاندەری ئەوەیە کە پاراستنی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ڕووخان بۆ تورکیا چەندە پرسێکی چارەنووسازە! بەڵام لە ئەگەری مکوڕبوونی ئەمریکا لەسەر بژاردە هێرشی سەربازی زەمینی، پێویستە ناوەندەکانی بڕیار لە هەرێمی کوردستان خاوەن دیدگایەکی ستراتیژیی پێشوەختە بن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر ئەگەرێکی چاوەڕواننەکراو. بەتایبەتیش لە ئەگەری کەوتنی ڕژێمەکە و دروستبوونی بۆشایی هێز لە ئێراندا.٤

سەرچاوەکان:

١.Bozkurt, Abdullah. “US Sanctions Reveal Iran’s Growing Reliance on Turkish Companies to Expand Drone and Missile Programs.” Nordic Monitor, March 4, 2026. https://nordicmonitor.com/2026/03/us-sanctions-reveal-irans-growing-reliance-on-turkish-firms-to-expand-drone-and-missile-programs/.

U.S. Department of the Treasury, “Treasury Targets Iran’s Shadow Fleet, Networks Supplying Ballistic Missile and Advanced Conventional Weapons Programs,” February 25, 2026, https://home.treasury.gov/news/press-releases/sb0405

٢. Hafezi, Parisa, and Samia Nakhoul. “Exclusive: Armed Kurdish Groups Sought to Cross into Iran from Iraq, Sources Say.” Reuters, January 14, 2026. https://www.reuters.com/world/middle-east/armed-kurdish-groups-sought-cross-into-iran-iraq-sources-say-2026-01-14/.

٣.Giaconia, Mark. Operation Viking Hammer: One Green Beret’s Firsthand Account of Unconventional Warfare in Iraq, pp. 63–70.

٤. Anadolu Agency. “Türkiye Rejects Claim of Supporting Attacks Against Iran.” AA News, March 4, 2026. https://www.aa.com.tr/en/turkiye/turkiye-rejects-claim-of-supporting-attacks-against-iran/3843251

Next
Next

Between Deterrence and Escalation: The U.S. Marine Deployment to the Gulf